کرماشان/ رێگری لە چوونەدەروەی چالاکێکی کورد بۆ دەرەوەی وڵات + وێنـــــه

14:22 - 31 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆڤی کوردی خەڵکی کرماشان لەلایەن ‌هێــزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ئیــزنی چوونە دەرەوە لە وڵاتی پێ نەدرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئەفشین کەریمیان نەسەب\" چالاکی خوێندکاریی کورد و ئەندامی ئیفتیخاریی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزەرانی کرماشان کە حەفتەی رابردوو بەتەمابوو سەردانی دەرەوەی وڵات بکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی کرماشانەوە رێگری لێکرا.

ئەو چالاکە خوێندکارییە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٨ لە کرماشان دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگوێزرا و پاش ٢ مانگ راگیران لەو زیندان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

\"14090.jpg\"
ئەفشین کەریمیان نەسەب\" چالاکی خوێندکاریی کورد و ئەندامی ئیفتیخاریی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزەرانی کرماشان
ئەفشین کەریمیان نەسەب، گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٩ بە تاوانی هاندانی خوێندکاران بۆ رووخاندنی نیزام و پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و هەوڵدان بۆ لاواز کردنی نیزام و هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە، ١٠ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە کە بڕوانامەی فەوقە لیسانی زانستە سیاسییەکانی هەیە، ماوەی چەندین ساڵە لە ئەنجومەنی ژیار و NGO جۆراوجۆرەکانی کرماشاندا سەرقاڵی چالاکیی فەرهەنگی بووە، کە لەو ماوەیەدا چەندین جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەنگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.