کرماشان/حوکمی ٤٠ ساڵ زیندانی بۆ سێ هاووڵاتیی کورد بڕدرایەوە

20:50 - 26 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: سێ هاوڵاتی کوردی دانیشتووی شاری کرماشان لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە حوکمی درێژماوەیان بە سەردا سەپێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری کرماشان ئەو سێ هاوڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \" هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران\" بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحکووم کردوە.

\"18854.jpg\"
کیانووش روستەمی بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا
هەواڵنێری کوردپا لە شاری کرماشانەوە رایگەیاند کە ؛ دەزگای قەزایی حکومەتی ئیران هەر یەک لە موحسن خودایاری خەڵکی شاری سەحنە و کیانووش روستەمی خەڵکی کرماشان بە ١٥ ساڵ زیندان و نێعمەت فەتحی خەڵکی کرماشانی بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە.

ئەو سێ هاوڵاتییە کوردە کە پەیڕەوی ئایینی (یاری)ـن، رۆژی ٢٤ی جۆزەردان لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرابوون.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کرانی ئەو سێ هاوڵاتییە کوردە، چەندین کەسی دیکەش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، کە هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە مەڕ چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.

ئەندامی بنەماڵەی یەکێک لەو گیراوانە بە هاواڵنێری کوردپای راگەیاند: لە ماوەی ٩ مانگی رابردوودا ئەو سێ هاوڵاتییە کوردە بە توندترین شێوە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیلاعاتەوە ئەشکەنجە دراون.

پێشتر دادگوستەریی پارێزگای کرماشان سزای ٤٨ مانگ زیندانی بە سەر ٧ هاووڵاتی کوردی شاری کرماشان سەپاندبوو.