کرماشان؛ ٢٦ کەس لە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری دەسبەسەر کران

11:10 - 25 رەشەمه 2721

فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای کرماشان، باسی لە دەسبەسەرکردنی ٢٦ کەس لە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری لەو شارە کرد.

هەموو ساڵێک لە بەرەبەری هاتنی نەورۆزدا، بەرپرسانی ‌هێزە نیزامی و ناوەندە ئەمنییەتییەکان زەخت و گوشارەکانیان بۆ سەر خەڵکی شارەکانی کوردستان زیاتر دەکەنەوە و هەوڵی کونترۆڵکردنی ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری وەکوو دوایین چوارشەممەی ساڵ دەدەن.

 عەلی ئەکبەر جاویدان لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەواڵنێران، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو ٢٦ هاووڵاتییەی بۆ "هەنجارشکێنی" گەڕاندەوە.

ئەو بەرپرسە نیزامییە هەروەها باسی لە دەسبەسەرداگرتنی ٧٣ ماشینی هاووڵاتییان کرد و ڕایگەیاند، ئەو ماشینانە ڕەوانەی پارکینگ کراون.

چوارشەممەسووری یەكێك لە بۆنە مێژووییەكانە كە لە شەوی دواهەمین چوارشەممەی ساڵدا بەڕێوە دەچێت.