کرماشان ٣٣٠ هەزار پەراوێزنشینی هەیە

19:45 - 24 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: فەرمانداری کرماشان دەڵێ؛ لە ئێستادا ٣٣٠ هەزار کەس لە ناوچە پەراوێزنشینەکانی ئەم گەورەشارەدا دەژین.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی\"مێهر\"، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، فەزڵوڵڵا ڕەنجبەر فەرمانداری کرماشان لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی کتێبخانەی گشتیی \"سەیدولشوهەدا\" لە شاری کرماشاندا گوتی؛ \"هەژاریی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتی\" هەڕەشە لە کەسانی پەراوێزنشینی ئەم شارە دەکات.

ڕەنجبەر لە درێژەی باسەکەیدا بەڵینیی دا کە بەرنامەگەلێک لە قاڵبی \"ستادی تواناسازیی گەڕەکە پەراوێزنشینەکان\" بە مەبەستی \"بەرەوپێش چوون و پێشکەوتن\"ی ئەم گەڕەکانە بەرێوەدەبرێت.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە لایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە لە ساڵی ٩٠دا، حەشیمەتی کرماشان ٨٥١ هەزار و ٤٠٥ کەسە.

فەرمانداری کرماشان \"دروست کردنی گۆڕەپانی باشووری لە شارۆچکەی نووکان\"، \"دروست کردنی مووزەخانەی بەرگریی پیرۆز لە دەوروبەری ئەم ناوچەیە\" و \"جوانکاریی دەوازای چوونەژوورەوەی نێو شار\"ی لەو کردەوانە دایە قەڵەم کە بڕیارە بە مەبەستی چاکسازیی لەو گەڕەکانە بەڕێوە ببرێت.

حوسێن ئیمانی‏جاجێرەمی، بەرپرسی دامەزراوەی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تاران، مانگی خاکەلێوەی ڕابردوو گوتبووی کە ٢٠%ی کۆی حەشیمەتی ئێران پەراوێزنشینن.

\"کۆچ کردن بۆ شارە گەورەکان\" و \"بێ‏توانایی لە دابین کردنی شوێنی نیشتەجێ بوون\" لەم شارانەدا، بە هۆکارگەلی پەراوێزنشینی هەژمار دەکرێن.