کرماشان؛ هاووڵاتییەک لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

10:36 - 14 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆران مەحموودی" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی "مورتزا"، خەڵکی گوندی "دەرەویانـ"ـی شاری پاوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە خاڵی پشکنینی "قازانچیـ"ـی کرماشان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی "مەیدان نەوت" تایبەت بە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگواستووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "سۆران مەحموودی" پاش دەسبەسەرکردن تەنیا جارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی گرتووە و دەسبەسەریی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە. هەروەها بەدواداچوون و هەوڵەکانی بنەماڵەی مەحموودی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ئەوتۆ بەدەست نەهاتووە.