کرماشان، بێکاری زیاتر لە نێوەنجی وڵاتی هەیە

16:12 - 30 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: لەپارێزگای کرماشان زیاتر لە ١٤٠ هەزار هێزی بێکار هەژمار کراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە بەرەبەرەی هاتنی حەسەن ڕووحانی بۆ کرماشان ئامارێکی نوێ لە بێکاری هاووڵاتییان بڵاوکرایەوە.
بە وتەی پارێزگاری کرماشان، ڕێژەی بێکاری لە کرماشاندا خۆی لە ١٨% دەدا و بەگشتیش زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەس بێکارن.

هەروەها ئەسەدۆڵا ڕازانی لە دانیشتنی \"ئەولەویتەکانی هاتنی سەرکۆمار بۆ پاریزگای کرماشان\" باسی لەوە کردووە کە ساڵانە ٧٠٠٠ هەزار بێکار بە حەشیمەتی بێکاران زیاد دەبێت.

ڕێژەی نێوەنجی بێکار لە ئێراندا ٧٠ هەزار کەس بۆ هەر پارێزگایەکە.

لەو دانیشتنەدا لێپرسراوی \"خانە کارگر\"ـی کرماشان، دۆخی بێکاری لە پارێزگای بە \"قەیراناوی\" وەسف کرد و دەستبەکاربوونی تەنیا ٢٠ هەزار کەسی لە بیاڤی پیشەسازی بە \"ژمارەیەکی مەترسیدار\" لەقەڵەم دا.

عەلی بەیگی ئاشکرای کرد کە لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، هەر بنەماڵەیەک بێکارێکی هەیە.

ناوبراو، بەرپرسانی دامودەزگای دەوڵەتی و وەبەرهێنەرەکان بە ڕۆڵگێڕان لەو دۆخە تۆمەتبار کرد.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لەکاتێکدا ئەو ئامارە ڕادەگەینێ کە هەر بەپێی هەواڵدەریی تەسنیم، ٤٠٠ هەزار میلیارد تمەن پارە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە ناتەواوەکانی پارێزگای کرماشن پێویستە.

ڕووحانی لەدوای مانگی ڕەمەزان بۆ یەکەمجار سەردانی کرماشان دەکا و هەرلە ئێستا \"٢٤ پڕۆژەی گرینگ\" کە \"چارەنووسسازن\" دەخرێتە بەردەمی.

تەنگژەی بێکاری، ناوچەی ئازادی بازەرگانی لە قەسرشیرین، هێڵی ئاسنی ناوەڕاستی پارێزگا و گواستنەوەی ئاوی سیروان بۆ دەشتی ڕوانسەر و کێشەی پەراوێزنشینی شارەکان لە گرینگترینی ئەو داوایانەن کە دەخرێنە بەردەمی حەسەن ڕووحانی.