کردەوەی نایاسایی چەند بەرپرسێکی حکوومەتی لە بۆکان ناڕەزایەتی لێکەوتەوە+بەڵگە

13:39 - 27 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکیەتیی بار فرۆشەکانی شاری بۆکان، ناڕەزایەتیی بە دروست‌کردنی مەیدانێکی بارفرۆشی لەلایەن چەند بەرپرسێکی پیشووی حکوومەتییەوە دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای دروست‌کرانی مەیدانێکی تەڕەبار لەلایەن ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران و شارەوانیی شاری بۆکانەوە، یەکیەتیی تەڕەبار فرۆشەکانی ئەو شارە لە راگەیاندراوێکدا ئەو کارەیان بە نایاسایی و کارێکی بێ مۆڵەت لە قەڵەم داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان لە زاری ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەو شارەوەو بە پشت بەستن بە راگەیەندراوی یەکیەتیی تەڕەبار فرۆشەکان، ناوی ئەو کەسانەی خوسرەو عابدی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، حوسێن مینایی شارەداری پێشووی بۆکان و فەتاح یووسف‌زادە ئەندامی پێشووی شۆرای ئیسلامیی ئەو شارە راگەیاند.

یەکیەتیی تەڕەبار فرۆشەکان رایگەیاندووە، ئەم کارە بە تەواوەتی نایاساییە و بە هیچ شێوەیەک لەلایەن ئێمەوە مۆڵەتی یاسایی بەو ناوەندە کڕین و فرۆشتنە نادرێت.

چەند کەس لە ئەندامانی ئەو یەکیەتییە بە هەواڵنێری کوردپا-یان راگەیاند؛ هێندیک لە دووکانەکانی ئەو شوێنە، کە بە شێوەی نایاسایی دروست‌کراوە، بە بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر فرۆشراون.

دەقی راگەیەندراوی یەکیەتیی تەڕەبار فرۆشەکانی شاری بۆکان بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، کە لێرەدا بڵاو دەکرێتەوە.
\"18860.jpg\"