کرانەوەی سنووری تیلەکۆ ناوەرۆکی باسی شاندی هەرێمی کوردستان لە سەرپێڵی زەهاو

20:56 - 1 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بە رەزامەندیی لێپرسراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی گەرمیان، خاڵی سنووریی تیلەکۆی سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو دەکرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شاندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ چەند چالاکێکی ئابووری بۆ دانوستان لەسەر کرانەوەی سنووری تیلەکۆ سەردانی شاری سەرپێڵی زەهاو لە ئوستانی کرماشانیان کرد.

\"17965.jpg\"
شێخ عەبدوڵڵا ئەنوەر جێگری ئوستانداریی گەرمیان
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرستیی جێگری ئوستاندار ناوچەی گەرمیان سەردانی شاری سەرپێڵ زەهاویان کرد و لەلایەن جێگری بەشی سیاسی - ئەمنیەتی ئوستانداریی کرماشان، نوێنەری شاری سەرپێڵی زەهاو، قەسری شیرین و گیلانی رۆژئاوا لە مەجلیسی ئیسلامی و فەرمانداری شاری سەرپێڵی زەهاو، قەسری شیرین و سەلاسی باوەجانی پێشوازییان لێکرا.

بەوتەی فەتحوڵڵا حوسێنی، نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی، لە ماوەی یەک ساڵ داخرانی بازاڕچەی تیلەکۆدا، ئاڵوێری بازرگانیی دەرەکی و هەناردە و هاوردە کردنی کاڵا، دابەزینی پێوانەیی بەخۆیەوە بینیوەو هاوکات لایەنی هەرێمی کوردستانیش بەڵێنیی یارمەتی دانی بۆ کرانەوە و باشتر بوونی دۆخی بازاڕچەی تیلەکۆ، خوسرەوی و سوومار داوە.

\"17963.jpg\"
هەر لەو پەیوەندییەدا، شێخ عەبدوڵڵا ئەنوەر جێگری ئوستانداریی گەرمیان رایگەیاندووە؛ لەماوەیەکی نزیکدا هەڵبژاردنەکانی پارلمانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و لەگەڵ پێکهاتنی کابینەی نوێێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاتی دەستپێکردنەوەی کۆڵبەری و پیلەوەری لە سنووری تیلەکۆ بە ئوستانداریی کرماشان رادەگەیەندرێت.

دەگوترێت؛ وەگەڕ کەوتنەوەی کار لە سنووری تیلەکۆ یەکێک لە ئاماجەکانی کرانەوەی سنووری تیلەکۆیە و هاوکات لێپرسراوانی حکوومەتی لە ئوستانی کرماشان خوازیاری ئەوەن کە ئەو خاڵە سنوورییە لە ماوەی سێ حەفتەی داهاتوودا بکرێتەوە.

\"17962.jpg\"
پپێشتریش سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردبوو؛ نرێژەی ئاڵوێری ئابووریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ساڵانە لە ٩ ملیارد دۆلار زیاترە، کە ئەو رێژەیە لەحاڵی زیادبوون دایە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرین رووی لە زیادبوون کردووە و بەهۆی هاوبەشیی فەرهەنگی، زمانی، مێژوویی و سیاسی، هاتنی هاووڵاتییانی کورد لە ئێرانەوە بە مەبەستی کاسپی کردن و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان، رووی لە زیادبوون کردووە و لەو پەیوەندییەشدا لێپرسراوانی وەزارەتی کار رایانگەیاندووە، زیاتر لە ٢٠ هەزار کرێکاری ئێران لە هەرێمی کوردستاندا سەرقاڵی کار کردنن.