کرانەوەی دوکانەکانی شاری پیرانشار بەزۆری لەلایەن ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکان

16:01 - 31 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکانی شاری پیرانشار بە زۆری دوکانەکانیان بە دوکاندارانی ئەو شارە کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ٣١ی خاکەلێوە، لە درێژەی داخستنی دوکان و بازاڕەکانی کوردستان لەلایەن بازاڕیان و دوکاندارنەوە، ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکان بە زۆر دوکانی کاسبکارانی شاری پیرانشاریان کردەوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە، ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکان بە هەڕەشە کردن لە دوکاندارانی شاری پیرانشار لە ئەگەری بەردەوام بوونیان لە داخستنی دوکانەکان، لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، دوکاندارانی شاری پیرانشار لە شەشمین ڕۆژی مانگرتندا، دوکانەکانیان داخستووە و ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکان بە زۆر دوکانەکانیان بە کاسبکاران کردووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی مەریوان، بانە و جوانڕۆ هەڕەشەیان لە بازاڕیانی مانگرتوو کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن.

لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا، کە بازاڕیان و دوکاندارانی شارەکانی کوردستان دوکانەکانیان داخستووە، لایەنە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی لە ڕاستای \"نەخشە ڕێگا\"یەک بۆ چارەسەر کردنی کرانەوە سنوورەکان، هیچ هەنگاوێکیان بە کردەیی هەڵنەگرتووە.