کتێبی بیرەوەریی مامۆستای لەخۆبردووی کورد لە سنە، پەردەی لەسەر لادرا

14:54 - 20 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: چاپی سیێەمی کتێبی \"لەدایکبوونێکی‌تر\" بیرەوەریی ئەدهەم موزەفەری، مامۆستای لەخۆبردووی کورد، پەردەی لەسەر لادرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمە، چاپی سێیەمی کتێبی بیرەوەریی ئەدهەم موزەفەری بە بەشداریی کەسوکار و بنەماڵەی ئەو مامۆستایە و هەروەها ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و فەرهەنگیانی کورد لە شاری سنە، خرایە روو.

لەو رێوڕەسمەدا، دوکتور موختار هاشمی مامۆستای زانکۆی کوردستان، پێشنیاری دامەزراندنی ناوەندێکی خێرخوازیی بەناوی ئەو مامۆستایەوە کرد و رایگەیاند: بە دامەزراندنی رێکخراوێکی خەڵکی، سەرەڕای زیندوو راگرتنی ناو و یادی ئەدهەم موزەفەری، لە راستای ئامانجەکانی ئەو مامۆستایەشدا هەنگاومان هەڵێناوە.

\"25329.jpg\"
چاپی سێیەمی کتێبی بیرەوەریی ئەدهەم موزەفەری لە شاری سنە، خرایە روو
محەمەد باقر پیری، نووسەری کتێبی \"لەدایکبوونێکی‌تر\" لە رێوڕەسمی پەردە لادان لەسەر ئەو کتێبە رایگەیاند: هیواخوازین کە هەموو توێژەکانی کۆمەڵ لە رێگەی کڕین و وەدەست خستنی ئەم کتێبەوە بتوانن تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی ئەدهەم موزەفەری بکەنە ئولگووی خۆیان\".

لە دوایین رۆژەکانی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاویدا، مامۆستای قوتابخانەی گوندی ئەڵک بەناوی ئەدهەم موزەفەری، گیانی کچە قوتابییەکی خۆی لە مەرگ رزگار کرد، کە کەوتبوویە نێو لافاوی چۆمی (کام) لە گوندی ئەڵک و سەرئەنجام بۆخۆی لە لافاوەکەدا خنکا.

\"25330.jpg\"
محەمەد باقر پیری: هیواخوازین کە هەموو توێژەکانی کۆمەڵ لە رێگەی کڕین و وەدەست خستنی ئەم کتێبەوە بتوانن تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی ئەدهەم موزەفەری بکەنە ئولگووی خۆیان
ئەو نووسەرە و مامۆستایەی خەڵکی کامیاران، لە ١٢٨ فەسڵدا، چاپی سێیەمی کتێبی \"لەدایکبوونێکی دیکە\"‌ی بڵاو کردۆتەوە.

ناساندنی گوندی (پشتە)، زێدی ئەدهەم موزەفەری، گێڕانەوەی رووداوەکە هەتا کاتی ناشتنی ئەدهەم موزەفەری، تایبەتمەندییە ئەخلاقییەکانی ناوبراو، بیرەوەریی کەسوکار و قوتابییەکانی، دەنگدانەوەی ئەو هەوڵەی ناوبراو لە میدیاکاندا و کۆمەڵێک وێنە و شیعری ئەو مامۆستا لەخۆبردووە، لە کتێبەکەدا گونجێندراون.

ئەدهەم موزەفەری، لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٥٣دا لە گوندی پشتەی سەربە شارستانی کامیاران لەدایک بووەو مانگی جۆزەردانی ساڵی ٧١ چۆتە پەیمانگەی پەروەردەیی مامۆستایانی شاری سنە و دوو ساڵ دواتر لە گوندەکانی دەریانی سەروو، ورمهەنگ، پشاوا و دوایین جاریش لە گوندی ئەڵک وانەی بە قوتابیان گوتۆتەوە.

\"25350.jpg\"

\"25349.jpg\"