کاوە سلێمانپوور بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا

13:51 - 2 گەلاوێژ 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کاوە سلێمانپوور" خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە"ی شاری مەهاباد بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کردییەکان" بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمار کردنی ماوەی دەسبەسەرییەکەی پێشووی، مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی، لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرابوو و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" بێبەری کرابوو.

ناوبراو پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بە بێ بەڵگەی یاسایی و لە دووکانەکەی لە مەهاباد دەسبەسەر  کرابوو و پاشان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێیان کردبوو.