کانوونی نووسەرانی کوردستان: مامۆستا ئەحمەد قازی داکۆکیکاری مافی نەتەوەی کورد بوو

14:57 - 19 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: کانوونی نووسەرانی کوردستان سەبارەت بە کۆچی داویی مامۆستا ئەحمەد قازی نووسەر و وەرگێڕی کورد لە دووتۆیی نووسراوەیەکدا پرسە و سەرخۆشی خۆیان لە بنەماڵەی ئەو ئەدیبە کوردە و کۆمەلگەی نووسەرانی کورد کردووە.

لەبەشێکی پرسەنامەکەدا هاتووە، مامۆستا ئەحمەد قازی، هاوکات لەگەڵ چالاکیی ڕۆژنامەنووسی، نووسینی ئەدەبی و زانستی و زمانناسی و وەرگێڕان، داکۆکیکارێکی مافی گەلەکەی بوو و لەزۆربەی بۆنە و رێوڕەسمە ئەدەبی، رۆشنبیریی و هونەرییەکاندا دەنگی کپکراوی گەلەکەی بوو.

نوسخەیەک لەو پرسەنامەیە بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە و دەقەکەی بەی شێوەیەی خوارەوەیە:

مامۆستا ئەحمەد قازی، شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ، زمانزان، ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیری ناسراوی کورد ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی جۆزەردانی٢٧١٥ی کوردی (٧/٥/٢٠١٥زایینی)، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لەنەخۆشخانەی ئازادیی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا ئەحمەد قازی، یەکێک لەکەسایەتییە فەرهەنگی، ئەدەبی و ڕووناکبیرییەکانی کورد بوو، کە لە ماوەی ژیانی خۆیدا، هەم لە بواری فەرهەنگی و ئەدەبی و هەم لەبواری ڕۆژنامەنووسی و بابەتە ڕووناکبیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەورێکی دیار و گرینگی گێڕا.

مامۆستا ئەحمەد قازی کۆمەڵێک بەرهەمی لە بواری شێعر و چیرۆک و بابەتەیلی زمانەوانی کوردیدا نووسیوە و چەندین بەرهەمی گرینگی ئەدەبیشی لە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسییەوە کردووە بە کوردی.

مامۆستا ئەحمەد قازی لە پاش کۆچی دوایی مامۆستا هێمن، بناغەدانەری گۆڤاری سروە و ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی (انتشارات صلاح‌الدین ایوبی)، سەرنووسەریی ئەو گۆڤارە گرینگەی لە ئەستۆ گرت و لەو ڕێگایەوە خزمەتێکی شایانی بە بواری ڕۆژنامەگەری و فەرهەنگ و ئەدەب و ڕووناکبیریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

مامۆستا ئەحمەد قازی، هاوکات لەگەڵ چالاکیی ڕۆژنامەنووسی، نووسینی ئەدەبی و زانستی و زمانناسی و وەرگێڕان، داکۆکیکارێکی مافی گەلەکەی بوو و لە زۆربەی بۆنە و ڕێوڕەسمە ئەدەبی، ڕۆشنبیریی و هونەرییەکاندا دەنگی کپکراوی گەلەکەی بوو. هەروەها پشتیوانێکی پتەوی کانوونی نووسەرانی کوردستان بوو.

کانوونی نووسەرانی کوردستان بەبۆنەی ئەم کۆستە گەورەیەوە سەرەخۆشی لە نەتەوەکەمان و کۆمەڵگەی فەرهەنگی و ڕووناکبیریی کورد و بنەماڵەی بەڕێزی قازی دەکات و خۆی بە شەریک و بگرە خاوەنی سەرەکیی ئەم خەم و کۆستە گەورەیە دەزانێت.

کانوونی نووسەرانی کوردستان

جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی