کاناڵی \"مستند\"ی باسی لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات کرد

15:05 - 31 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کارناسانی پرسە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە بەرنامەیەکی تایبەتدا هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتیان تاوتوێ کرد.

کاناڵی \"مستند\" لە بەرنامەی ٣٦٠ دەرجەدا بە بەشداریی دوو کەس لە کارناسی پرسە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران باسیان لە چۆنیەتی هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزب کرد.

لەو بەرنامەیەدا لە ژێر ناوی \"سپا چۆن تۆڵەی لە حدکا کردەوە؟\" باسیان لەو هێرشە کردووە.

لەو بەرنامەیەدا \"حەسەن ڕەستگار پەنا\" بەرپرسی موتالعاتی نەتەوەیی ئەمنییەتی پایدار باس لە مێژووی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەکات و دەڵێت: \"حیزبەکانی کوردستان بۆ رووخاندنی حکوومەتی ئێران لەگەڵ حکوومەتی بەعس ڕێککەوتن\".

ناوبراو لەو بەرنامەیەدا ئیدعا دەکات کە هەموو حیزبەکانی کوردستانی ئیران، عێراق و سووریە لەگەڵ مووساد کار دەکەن و پێوەندیان لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانی ئامریکادا هەیە.

ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەکات کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی زۆر لە ناوچەدا بە یارمەتی دەزگا سیخوڕییەکانی ئامریکا، ئیسرائیل، مووساد، بریتانیا ڕووی داوە کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە گرووپە سیاسییەکانی دیکەی کورد دژی ئێران چالاکی بکەن\".

ناوبراو دەشڵێت: \"کوردستانی عێراق زۆر بە ساددەیی بێگانەی قەبووڵ کرد و فەڕشی سووری بۆ ئامریکاییەکان ڕاخست و ئەوەش بۆ بەرژەوەندی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو\".

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ئێران لە بەرنامەی ٣٦٠ دەرجەدا جەختی کردووەتەوە کە هێرشی مووشەکی یەکێک لە کەرەستەکانی ئێمە دژی حیزبە کوردییەکانە.

هاوکات \"حوسێن دەلیریان\" یەکێک لە بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتی لەو بەرنامەیەدا باس لە چالاکییە نیزامییەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەکات و دەڵێت: \" لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا حیزبی دێموکرات چالاکییەکانی زیاتر کردووە و نزیک بە ١٥ عەمەلیاتی نیزامی لە باکووری ڕۆژئاوای ئیران ئەنجام داوە\".

دەلیریان لەو بەرنامەیەدا دان بەوە دادەنێن لە چوار مووشەکیان لە فێرگەی سیاسی ـ نیزامیی حدکا داوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە لە لایەن سپای پاسدارانەوە مووشەکباران کرا کە لەو هێرشەدا ١٥ کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات گیانیان لە دەست دا و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

داوی ئەو هێرشە مووشەکییە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان خەڵکی کوردستانی ئێران لە سەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دوکان و بازاڕیان داخست.