کاناڵی تەلەفزیۆنی پارێزگای کرماشان رێگری لە بڵاو کردنەوەی بەرنامە بە زاراوەی کەلهوڕی دەکات

14:44 - 16 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی دەنگ و رەنگی پارێزگای کرماشان بە بیانووی بوونی چەند زاراوەی دیکە لەو پاریزگایە رێگری لە بڵاو کردنەوەی بەرنامە بە زاراوەی کەلهوڕی دەکات.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندی دەنگ و رەنگی پارێزگای کرماشان بە بیانووی دروست بوونی کێشە لە نێوان زاراوەکانی وەک: لەکی،جافی، هەورامی، لوڕ لەو پارێزگایە بوار بە بڵاو بوونەوەی بەرنامە بە زاراوەی کەلهوڕی نادات.

\"10576.jpg\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی ناوەندی دەنگ و رەنگی ئێران بەپێی بەخشنامەیەک کە بڵاوی کردەوە بڕیار بوو کە لە کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی هەر پارێزگایەکەوە بە زاراوەی ئەو پارێزگایە بەرنامە بڵاو بکرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بڕیارە لەلایەن بەرپرسانی ناوەندی دەنگ و رەنگی پارێزگای کرماشان نەچۆتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە نزیک بە ٧٠%ی حەشیمەتی پارێزگای کرماشان بە زاراوەی کەلهوڕی داخێون و هەتا ئێستا هیچ بەرنامەیەک لە کاناڵی تەلەفزیۆنی ئەو پارێزگایەوە بە زاراوەی کەلهوڕی بڵاو نەکراوەتەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا کوردەکانی پارێزگای خۆراسانی باکوور لەمەڕ پەراوێز خرانی زمانی کوردی لەلایەن ناوەندی دەنگ و رەنگی پارێزگای خۆراسانی باکوورەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.