کاسبکارێکی کورد، پاش نزیک بە سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لە دەست دا

20:53 - 22 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری بانە، پاش ٢ مانگ و ٢٠ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ خەزەڵوەر، کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە ناوی \"نێژاد محەممەدی\" کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتیی بە سەختی بریندار بوو، پاش ٢ مانگ و ٢٠ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری سنە گیانی لە دەست دا.

هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتیی، بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، ماشینی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی \"نێژاد محەممەدی\" خەڵکی گوندی \"کێلە\"یان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

بە وتەی ساڵح نیکبەخت پارێزەری کورد، ئەگەر کەسێک ماشینی پی بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشینەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی ڕاوەستانی ماشینەکە و لە ئەنجامدا گرتنی شۆفێرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچ کام لە ماددە یاساییەکان ڕەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفێرەکان دەکەن.