کاسبکارێکی کورد لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی خوڕەمشار بریندار کرا

22:15 - 20 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: لاوانی کورد لە نەبوونی کار لە کوردستانی ئێراندا بە توندی ناڕازی و تووڕەن و بەرپرسانی حکوومەتیش هیچ هەنگاوێک لەو بارەیەوە ناگرنە بەر.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئینتزامییەکانی خوڕەمشار لە پارێزگای خوزستان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ لە ماشێنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ڕوانسەر، بە توندی ناوبراویان بریندار کرد.

\"30292.jpg\"
مۆحسین شاهمورادی
ئەو ڕووداوە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ۆی جۆزەردان لە وروودی شاری خوڕەمشار ڕووی داوە.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو هاووڵاتییە \"مۆحسین شاهمورادی\" کوڕی \"خەلیل\" خەڵکی شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان ڕاگەیاندووە.

ناوبراو لە بەشی \"کەمەر و سینگەوە\" گولـلەی بەر کەوتووە و بارودۆخی تەندروستیی خراپە.

ئەو لاوە تەمەن ٢٧ ساڵەیە بە هۆی نەبوونی کار دەستی داوەتە ڕاگواستنی کەل‌وپەلی هاوردە لە سنوورەکان بۆ شارەکانی باشووری ئێران.

پارێزگای کرماشان لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا وەک بێکارترین پاریزگای ئێران ناسێندراوە.