کاسبکارێکی کورد لە بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کرا

13:28 - 25 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"لوقمان خیاڵی\" تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی گوندی \"حەسەن کوردە\"ی شاری بانە، بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بریندار بوو.

ئەو کاسبکار کوردە لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد لە ناچەی \"چۆمان\" سەر بە شاری بانە کرایە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و بریندار کرا.

ئەم کاسبکارە کوردە لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان لاقی پێکراوە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبیی شاری بانە کراوە.

بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەژێر ناوی \"قاچاخچی شتومەک\" هەڵسوکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتووانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی بۆ ئەو ناوچانە لە لایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.