کاسبکارێکی کورد بە تەقەی ‌هێزەکانی حکوومەتی لە جاددەی قەزوێن بریندار کرا

21:25 - 19 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار لە جاددەی قەزوێن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان پێکرا و بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ١٨ی سەرماوەز، کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی \"کەماڵ ڕەحمان پوور\" تەمەن ٣٢ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە جاددەی قەزوێن بریندار کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کاسبکارە کوردە کردووە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، کەماڵ ڕەحمان پوور سێ گوللەی بەرکەوتوو و لەلای لاقی و هەردوو دەستی زیانی بەرکەوتووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، ئەو کاسبکارە کوردە ئێستا لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری قەزوێن لە ژێرچاوەدێری دایە و تەنانەت ئیزن نادەن هیچ کەسێک سەردانی بکات.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٢١ کۆڵبەری کورد لە ناوچەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراو و بریندار بوون.