کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هیزە نیزامییەکانی ڕێژیم بریندار کرا

19:31 - 24 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: تەقەکردنی هێزەنیزامییەکانی ئێران لە شوێنی نیشتەجێ‏بوونی خەڵک و ڕێگاوبانەکانی کوردستان و کوژرانی خەڵکی سڤیل بەردەوامە.

بە پیی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوودا، شارۆمەندێکی کورد لە ڕێگای نێوان سەردەشت بۆ مەهاباد لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کەوتە بەر تەقەی مەئموورەکانی هێزی ئینتیزامیی ئێران و بە قووڵیی بریندار بوو.
شوناسی ئەو شارۆمەندە کوردە بە، خەلیل عوسمانە‏گرمە، ٣٦ ساڵان و خەڵکی شاری ڕەبەت ڕاگەیەندراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە مەهاباد لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە؛ تەقەی هێزە چەکدارەکان لە ئۆتۆمبیلی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بووەتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەی و بریندار بوونی ناوبراو، کە بەهۆی قووڵیی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەکانی مەهاباد بەڕێ‏کراوە.

ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە لاقێکی خەلیل عوسمانەگرمە ٢ فیشەکی بەرکەوتووە و ئێستاش لە نەخۆشخانەی \"ئیمام\"ی شاری مەهاباد، لەژێر چاوەدێریی پزیشکی‏دایە.

بە گوتەی کەسوکاری ئەم شارۆمەندە کوردە، خەلیل بە هۆی بێکاریی و دەستکورتییەوە، بە ناچاری ڕووی لە کاسبیی کۆڵبەری کردووە لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت و ڕۆژی ڕووداوەکەش بە مەبەستی سەردانی هاوڕێیەکی بەرەو مەهاباد بەرێ‏کەوتبوو کە لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە تەنیا بە هۆی \"گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ\" تەقەی ڕاستەوخۆی لێ کراوە.

خزمانی خەلیل ئەوەشیان ڕوون کردەوە کە سەرەڕای تەقە کردن، تا هەنووکە هێچ بەرپرس و یان ناوەندێکی نیزامیی و ئینتیزامی، بەرپرسایەتیی ئەو کردەوەیان وە ئەستۆ نەگرتووە و تەنانەت ئامادە نەبوونە سەردانی بریندارەکەش بکەن.

بەپێی ڕاپۆڕتەکان، زیاترین حاڵەتی کوژرانی کۆڵبەرەکان، لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە ڕووی‏داوە.