کاسبکارێکی کورد بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی گیانی لە دەست دا

20:40 - 12 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بە هۆی بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە حکوومەتییەکان لە شاری نۆدشە بوو بە هۆی وەرگەڕانی ماشینی ئەو هاووڵاتییە کاسبکارە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوێنێ شەو چوارشەممە ١١ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان لە جاددەی کۆنی نێوان گوندی\"هەجیج\" و \"نۆدشە\" لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە حکوومەتییەکان ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە وەرگەڕا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی\"سەید ئارمان ڕەحیمی\" تەمەن ٢٣ ساڵە کوڕی نامیق خەڵکی گوندی\"کۆمەردە\"ـی شاری پاوە ڕاگەیاندووە.

\"\"
ئارمان ڕەحیمی
ئەو هاووڵاتییە کاسبکارە دوێنی شەو بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی لە جاددە پێچاوپێچەکانی نێوان گوندی هەجیج و نۆدشە، بە هۆی ڕاودوونانی هێزەکانی حکوومەتی و وەرگەڕانی ماشینەکەی دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

شاری نۆدشە لە مەودای ١٠ کیلۆمیتــریی سنووری ئێران - ئێــراق هەڵکەوتووە.

پارێزگاکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی ناوەندێکی سەنعەتی و هەروەها نەبوونی سەرمایەگوزاری دەوڵەتی لە پەرەپێدانی ئابووری درێژخایەن بێبەش کراوە و نرخی بێکاری بەبەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران، ڕێژەکەی لە سەرەوەیە.