کاسبکارێکی سەقزی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە جادەی بیجار_زنجان کوژرا

20:16 - 31 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی لاو خەڵکی شاری سەقز، لە جادەی نێوان بیجاڕ_زەنجان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، پاش بریندار بوون گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی ڕادوونانی کاسبکارانی کورد، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، کاسبکاڕێکی سەقز لە جادەی بیجاڕ_زەنجان، گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، شوناسی ئەو کاسبکارە کوردە بە ناوی \"ئەفشین لوتفی\" کوڕی خەلیل خەڵکی شاری سەقز، ڕاگەیاندراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، ڕایگەیاند: ئەو ڕووداوە شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە، ڕوویداوە.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: ئەو کاسبکارە کوردە، لە ناو ماشینەکەی خۆیدا، لە جادەی نێوان بیجاڕ_زەنجان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە و دواتر ماشینەکەی بەجێهێشتوو و خۆی بە برینداری هەڵاتووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: پاش هەڵاتنی ئەو کاسبکارە لاوە، بە برینداری، بە هۆی قورسی برینەکانییەوە، لە ناو زەویی و زاری جووتیارانی شاری بیجار، گیان لە دەست دەدات و ڕۆژی هەینی تەرمی ئەفشین لوتفی لە لایەن جووتیارەکانەوە، دەدۆزرێتەوە.

هێزە نیزامییەکان بە پاساوی \"بەرنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخچییانی هەلپەرەست\" و بەبێ ئاگادار کردنەوە و بە ڕەچاو نەکردنی مەرجەکانی تەقە کردن، تەقە لە کاسبکاران دەکەن و دەیانکوژن.