کاسبکارێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بریندار کرا

16:13 - 31 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار، لە سنووری ئەو شارە و هەرێمی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ، کاسبکارێکی کورد، بە ناوی \"ئاکام ڕەسووڵی\"، کوڕی خدر خەڵکی گوندی \"کانی شینکە\"ی شاری پیرانشار، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بە سەختی بریندار کرا.

ئەو کاسبکارە کوردە، کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار کراوە، هەنووکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

پێشتر، ساڵح نیکبەخت پارێزەری کورد، سەبارەت بە چۆنیەتی یاسای بەکارهێنانی چەک لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: یاسای بەکارهێنانی چەک بۆ سەردەمی ئەحمەدشای قاجار دەگەڕێتەوە، بەڵام ٢١ ساڵ پێش ئێستە \"چۆنیەتی بەکارهێنانی چەک\" گۆڕدرا، کە بەو پێیە دەبێ ئەو کەسە بە دەنگ ئاگادار بکرێتەوە، پاشان تەقەی هەوایی و لە ئەنجامدا دەبێ لە کەمەر بەرەو خوار تەقەی لێ بکرێت.