کاسبکارێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا

17:10 - 24 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی سەقز، کاسبکارێکی خەڵکی ئەو شارە پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: کاتژمیر ٣ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٤ی خاکەلێوە، هێزە ئینتزامییەکانی شاری سەقز تەقەیان لە ماشینی دوو کاسبکاری کورد کرد و لە ئاکامدا یەکێک لەو کاسبکارانە گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە ناوی\"عەتا حوسێنی\" خەڵکی شاری سەقز ڕاگەیاندووە.

بەگوێرەی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ڕووداوە لە سەر پردی \"مام سێوەدین\"ی ناوچەی سەرشیوی سەقز ڕوویداوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو؛ تەرمی عەتا حوسێنی هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری بانە ڕاگیراوە.

هەروەها ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کۆڵبەر بە ناوی\"ڕزگار\" خەڵکی گوندی کۆڵەسە\"ی شاری سەردەشت لە ئەنجامی دەستڕێژ و تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بە سەختی بریندار بوو.

سەرەڕای بەردەوامبوونی ڕەوتی کوژرانی کۆڵبەران بەدەستی هێزە نیزامییەکان و مەحکووم کرانی ئەو کردەوەیەی هێزە نیزامییەکان لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، لایەنە پەیونەدیدارەکانی هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندووە و زۆرجاریش ناوەند و بەرپرسانی نیزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڕیاری تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران دەردەکەن.