کاریکاتۆریستێکی کورد پلەی یەکەمی باشترین بەرهەمی ڕێدمەنی بەدەست هێنا

20:33 - 16 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: یاسر خانبرای، کاریکاتۆریستی لاوی کورد، لە کێبڕکێیەکی بەناوبانگی جیهانی‌دا، توانی نازناوی هەڵبژاردەی دووساڵانەی جیهانیی ڕێدمەنی چین بۆخۆی مسۆگەر بکات.

لەو فێستیڤاڵەدا بەرهەمی ٤٨٠ هونەرمەند لە ٦٨ وڵاتی جیهان کە سەرجەم ٤ هەزار و ٢١٧ بەرهەم بوو، بەشدارییان کردبوو.

یاسر خانبرای بڕوانامەی کاریکاتۆر و گرافیکی لە زانکۆی تاران هەیە.

ئەو کاریکاتۆریستە کوردە تا ئێستا لە شەشەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فەجری تاران، فێستیڤاڵی تەنزی ئامازۆنی برێزیل لە ساڵی ٢٠١٣ و کێبەرکێی نێونەتەوەیی کاریکاتۆری غەزە، خەڵاتی وەرگرتووە و پلەی وەدەست هێناوە.

خانبرای هەروەها له بەشی کۆتایی فێستیڤاڵی جیهانیی گالاریتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی جیهانیی پۆرتۆ کارتۆنی پورتەغاڵ، چوارەمین فێستیڤاڵی جیهانیی پیاوی ڕێدمەنـی چین، ٣٧ـەمین فێستیڤاڵی جیهانیی پیریسیکابا لە بڕێزیل، دەیەمین دووساڵانەی نێونەتەوەیی کاریکاتۆری تاران و چەند کێبەرکێیەکی گرێنگی‌تردا بەشداریی کردووە.

لە بەشی کاریکاتۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیشدا تا ئێستا ئەو کاریکاتۆریستە کوردە، چەندین جار هەڵبژێردراوە.