کارگەی تراشکارەکانی کرماشانیش چوونە ڕیزی کارگە داخراوەکان

14:53 - 26 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە کارگە تراشکارییەکانی شاری کرماشان بە هۆی مەندیی و وەستانی بازاڕەوە، داخران و کرێکارەکانیان بێکار بوون.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، بێکار بووانی ئەو سێنفانە، بە زوویی دەچنە پاڵ لەشکری بێکارەکانی ئەو شارە.

هەواڵدەریی \"مێهر\"ی کرماشان لە زاری بەرپرسی یەکیەتی پیشەیی تراشکارەکانی پارێزگای کرماشانەوە بڵاوی کردەوە؛ سینفی تراشکارەکان لە شاری کرماشان بە هۆی مەندیی بازاڕەوە بە تەواوتی لە کار و چالاکی وەستاونەتەوە.

یوونس حەیدەری ڕایگەیاند: ساڵی ٩٥ ژمارەیەک لە کارگەکانی تراشکاری لە شاری کرماشان داخران و مۆڵەتی ئەو کارگانە هەڵوەشاوەتەوە و هۆکاری ئەو کێشانەش، مەندیی بازاڕە.

ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستەڕوو؛ شارەکی پیشەیی شاری کرماشان بە تەواوەتی داخراوە، و ڕێژەیەکی کەم کارگەمان ماوە و بێجگە لە نیگابانەکەیان، تەواوی کرێکارەکانی بێکار بوون.

ئەو بەرپرسەی یەکیەتی تراشکارەکانی پارێزکای کرماشان ڕایگەیاند: بەرپرسەکان هاوکاریمان ناکەن و بەڕێوەبەرانی کارگەکان و شیرکەتەکانی کرماشان، کارگەکانی خۆیان بە پارێزگاکانی دیکە وەک هەمەدان و ئیسفەهان داوە و هیچ کەسێک هاوکاریمان ناکات.

ناوبراو هەروەها دەڵیت: کارگەکانی ئێمە بودجەی تەرخان کراویان نیە و، وامەکان هەتا سەقفی یەک میلیارد تمەنە، بەڵام حاڵەتی بازرگانی کردنە بە سەرمایەی کەسۆکی و ساڵانە لە سەدا ١٨ \"سوو\" دەدەینەوە.