کارخانەی پێترۆشیمیی مەهاباد هەڕەشەی ژینگەیی و ئینسانی بەدوا خۆی‌دا دێنێت

13:35 - 28 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کارخانەی پێترۆشیمیی مەهاباد کە بە مەودای ١٥ کیلۆمیتر دوور لەو شارە دروست دەکرێت، هەڕەشە و مەترسیی بۆ سەر ژینگە و گیانی هاووڵاتییان پێک دێنیت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری مەهاباد؛ لەکاتێکدا کە کارخانەی پێترۆشیمیی ئەو شارە لە نزیک ئاوایی \"دریاز\" و \"قونقەڵا\" لە ١٥ کیلۆمیتریی شاری مەهاباد دروست دەکرێت، لە کۆی ٧٠٠ کریکاری ئەو کارخانەیە، تەنیا نزیک بە ٤٠ کەسیان لە هاووڵاتییانی کورد پێک هاتوون.

\"16154.jpg\"
ئەو هاووڵاتییە راشیگەیاند؛ کرێکارە کوردەکان لەو پرۆژەیەدا بە شێویەکی زۆر دژوار کار دەکەن و ئەوەش لە حاڵێک دایە کە لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی وەکوو بیمەی دەرمانی بێبەرین.

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کرد، لە ئەگەری دەستبەکار بوونی کارخانەی پێترۆشیمیی مەهاباد، سەرجەم زێراب و پاشماوەکەی بەرەو زەوییە کشت و کاڵی و باخاتەکانی دەشتی شاروێران دەڕوات.

\"16153.jpg\"
ئەوەش لەحاڵێکدایە کە بە وتەی کارناسانی ژینگە، ماددەی شیمیایی و زێرابی ئەو کارخانەیە نە تەنیا راستەوخۆ دەبێتە هۆی لەناو چوونی باخات و زەوییە کشتووکاڵییەکان و پیس بوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەی مەهاباد، بەڵکوو بە تێپەڕبوونی کات سەرجەم ئاوە ژێر زەوییەکانیش بەرەوڕووی ویشک بوون دەکاتەوە.

هەنووکە لەئوستانی ئەراک بەهۆی هەبوونی کارخانەیەکی پێترۆشیمییەوە زۆربەی ئاوە ژێر زەوییەکان ویشک بوونە و هەتا قووڵایی ١٠٠ میتری لە ژیر زەویدا ئاوەکانی فەوتاون.

کارخانەی پێترۆشیمیی مەهاباد کە لە سێ‌رێیانی \"دارەلەک\"ی نزیک شاری مەهاباد هەڵکەوتووە، بە رووبەری ١٨٥ هێکتار ڵەحاڵی دروست کردن و لەبەرەبەری تەواو بوون دایە و بە وتەی هاووڵاتییان ئەو کارخانەیە بە ئەنقەست و بە مەبەستی تایبەت و پلان بۆ داڕیژراوی ناوەندە حکوومەتییەکان لەو ناوچەی مەهاباد دروست دەکرێت.