کاراتەکایەکی بانەیی لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکرا

13:46 - 22 خەرمانان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانان، هیوا عەزیزنەجات، کاراتەکای خەڵکی شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی ئەو شارە، بریندار کرا.

هێزە نیزامییەکان لە مەودایەکی کورت و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە ١٩ ساڵەیە، کردبوو.

ئەو کۆڵبەرە لەو ڕووداوە لاقی بریندار و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی، کراوە.

هیوا عەزیزنەجات ئەندامی تیمی میللیی کاراتەی ئێرانە و یەکێک لە مێداڵهێنەرانی کاراتەی شاری بانە لە تەمەنە جۆراوجۆرەکان لە ئاستی ئێران بووە.

ئەو کاراتەکا بانەییە ساڵی ١٤٠٠، میداڵی زێری هەڵبژاردەی تیمی میللیی لە کێشی ٥٥ کیلۆی بەدەست هێنابوو.

ئەو وەرزشوانە کوردە بۆ دابینکردنی تیچووی بەشداری لە کێبڕکێی نێونەتەوەیی کاراتە کە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە وڵاتی تورکیە، بەرێوە دەچێت، ڕووی لە کۆڵبەری کردووە.