ژینگەی ئاژەڵیی ناوچەی هەورامان بە دروستکرانی ٢ بەنداو لەناو دەچێت

19:53 - 30 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: درووست کردنی دوو بەنداو لەسەر چۆمی سیروان لەئوستانەکانی کوردستان و کرماشان، ژینگەی ئاژەڵیی ناوچەی هەورامانی بەرەوڕووی لە ناوچوون کردۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی شاری کامیاران بەئاشکرا ئاماژەی بە لەناوچوونی نزیک بە ٥٠ هەزار هێکتار رووبەری زەوی و هەروەها فەوتانی چەندها جۆر ئاژەڵی کێوی لە ناوچەی شاهۆ و کۆساڵان کردووە کەلە ئەنجامی ئاوگیریی بەنداوەکانی \"بڵبەر\" و \"داریان\" بەرەوڕووی فەوتان دەبنەوە.

بەنداوی بڵبەر لەنزیک گوندی بڵبەر لەناوچەی هەورامانی \"تەخت\"ی سەربە شاری سەوڵاوا هەڵکەوتووە کە لە ئەگەری ئاوگیریی ئەو بەنداوە دەیان دۆڵ و شیوی ژینگەی شاهۆ، تەخت و کۆساڵان دەفەوتێن.

\"17493.jpg\"
دیمەنێک لەگوندی \"داریان\"ی ناوچەی هەورامان
فەرهاد سەیف‌پەناهی رایگەیاندووە کە لەناوچوونی پڵینگ یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکانی ئاوگیریی ئەو ٢ بەنداوەیە و چەندین جۆر ئاژەڵی کێویی وەکوو کەڵ و بزنە کێوی، ورچی بۆر، تاسکەچەڵە(کرکس)، هەڵۆی تەلایی بەرەوڕووی مەترسیی جیددی بوونەتەوە.

ناوبراو لە وتوێژێکدا لەگەل یەکێک لە ماڵپەڕە حکوومەتییەکان رایگەیاندووە، بەپشت بەستن بە راپۆرتی بەرێوەبەرانی ئەو پرۆژەیە، دروست کردن و ئاوگیریی بەنداوی داریان لای خوارووی ئەو ناوچەیە و لە رووبەرێکی ٤٠ کیلۆمیتریدا خەریکە دروست دەکرێت و نزیکەی ١٠٠٠ هێکتار لە زەوییەکانی ئەو ناوچەیە لە بەرەبەری لەناوچوون دان.

بەرپرسی ئیدارەی ژینگەی شاری کامیاران هەروەها ئاماژەی بە هەبوونی چەندین پایەگای نیزامی لەو ناوچەیە کردووە کە راستەوخۆ هەڕەشە لە فەوتانی جۆری گیایی و ئاژەڵیی ئەو ناوچەیە دەکەن.

فەرهاد سەیف‌‌پەناهی باسی لە کاریگەریی وردی پایەگاکانی سپای پاسداران لەسەر ژینگەی ئەو ناوچەیە نەکردووە، بەڵام هەبوونی ئەو پایەگایانەی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکدانی سروشت و فەوتانی ژینگەی ئاژەڵیی ئەو ناوچەیەی لەقەڵەم داوە.

\"17494.jpg\"
ئاسەواری چنگی پڵینگ لەسەر دار بەڕوو بۆ دیاری کردنی قەڵەمڕەوی خۆی
ناوەڕاستی هاوینی ئەمساڵ ماڵپەڕی \"ژینگەی گیایی و ئاژەڵیی ئێران\" بڵاوی کردەوە: مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩١ چەندین راپۆرت لەسەر هێرشی پڵینگ بۆسەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی گوندی عەباس‌ئاوا لە ناوچەی کۆساڵان و شاهۆ بە ئیدارەی ژینگەی سەوڵاوا گەیشتبوو کە پاش ئەوەی کارناسانی ئیدارەی نابراو سەردانی ئەو ناوچەیان کردبوو، کەلاکی بزنێکی ماڵییان لەسەر دار بەڕوویەک بەرچاو کەوتبوو کە ئەم راستەخۆ ئاماژە بە هەبوونی پڵینگ لەو ناوچەیە بووە.

دروست کردن و ئاوگیریی بەنداوەکانی بڵبەر و داریان لەو ناوچەیەو هەبوونی ٢ بەنداوی \"ئازاد\" و \"گاڕان\" بە مەودای چەند کیلۆمیتر لە یەکتر، کاریگەریی یەکجار زیانبار و قەرەبوونەکراوەیان لەسەر ژینگەی ئەو ناوچەیە داناوە. ناوچەیەک کە بەدڵنیاییەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناڤین کەم وێنەیە، پێویستە پارێزگاریی لێ بکرێت نەک ئەوە کە لەناو بچێت.

چەند رۆژ پێش ئێستا نوێنەری خەڵکی شارەکانی قوروە و دێولان لە مەجلیسی ئیسلامیی ئێران لە وتوێژێکدا بە هەواڵدەریی فارس رایگەیاندبوو: یەکێک لە گەورەترین خەیانەتەکان کە بەرپرسانی پێشووی ئوستانی کوردستان ئەنجامیان دابوو، دروست کردنی نازانستییانەی بەنداوەکان بووە.

چۆمی سیروان ساڵانە ٢٧٠٠ ملیۆن میتری سێ‌جا ئاوی پێدا دەڕوات کە پاش چۆمەکانی \"کاڕوون، دز، کەرخە و سپی چۆم\" بە پێنجەمین چۆمی گەورەی وڵاتی ئێران ئەژمار دەکرێت.