ژینگەپارێزێکی ئیلامی و ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان خەڵاتی میللیی ژینگەپارێزانی ئێرانیان بەدەست هێنا

21:20 - 10 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە نۆیەمین خولی خەڵاتی میللیی ژینگەپارێزانی ئێران‌دا، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە بەشی رێکخراوە خەڵکییەکاندا وەکوو یەکەمین ئەنجومەنی خەڵکی خەڵات کراو چالاکێکی ژینگەپارێزیی کوردی خەڵکی ئیلامیش خەڵاتی پێشکەش کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٠ی جۆزەردان، لە رێوڕەسمێکدا، کاوه کوردستانی بە نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان خەڵاتی یەکەمی ئەنجومەنە خەڵکییەکانی نۆیەمین خەڵاتی ژینگەپاریزانی وەرگرت.

\"20251.jpg\"
مەهدی نەزەری چالاکی ژینگەپاریزیی کوردی خەڵکی ئیلام لە بەشی تاکەکەسیدا وەکوو کەسی سێیەم دیاری و خەلات کرا
هۆکارەکانی دەستنیشان کرانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بۆ \" رێکخستنی شەپۆلێکی شکاندنی چەک بە مەبەستی راگرتنی راو لە ناوچەکە، ئازادکردنی باڵندە و ئاژەڵەکان، چالاکیی پەروەردەیی و ئیجرایی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و چالاکیی نەمام چاندن\" گەڕاندراوەتەوە.

لەو رێوڕەسمەدا، کە سەرکۆماری ئێران و بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ژینگەپارێزیی ئێرانیش ئامادەبوون ،مەهدی نەزەری چالاکی ژینگەپاریزیی کوردی خەڵکی ئیلام لە بەشی تاکەکەسیدا وەکوو کەسی سێیەم دیاری و خەلات کرا.

ماڵپەڕی زیست بووم بڵاوی کردەوە، مەهدی نەزەری لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ٥٠ هەزار بن نەمام لە ئوستانی ئیلام چاندووە و هەوڵێکی زۆر لەپێناو نەهێشتنی تەپ و تۆز لە ناوچەکە و پەرە پێدانی فەرهەنگی ژینگەدۆستی و سەرچاوە سروشتییەکان داوە.

لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە سمیناری ژینگەوژیان لە زانکۆی پەیام‌نووری سنه‌دا، ئیره‌ج قادری بەرپرسی بەشی ئاگر کوژاندنەوەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان وێرای ئاماژە کردن بە خەسارەکانی ژینگە ودارستانەکەنی مەریوان، رایگەیاندبوو؛ لەساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٢٥٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەو دوو ناوچەیە رووی داوە و پێویستە لایەنە حکوومەتییەکان بەشێوەی جیددی بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکان هاوکاری بکەن.

بەگوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان، نزیک بە تێکڕای ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەکانی مەریوان و سەوڵاوا لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە و بەبێ هاوکاریی ناوەندە حکوومەتییەکان کۆنترۆڵ دەکرێن و تەنانەت زۆر جار لەلایەن هیزە نیزامییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەرەوڕووی بەربەست دەبنەوە.