ژینگەدۆستێکی کورد ٣٠٠ کەوی لە چیاکانی مەرگەوەڕی ورمێ ئازاد کرد

14:52 - 14 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: ژینگەدۆستێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی مەرگەوەڕ، سەر بە شاری ورمێ،٣٠٠ کەوی لە سروشت ئازاد کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاد مەلائەحمەدی، ژینگەدۆستی کوردی خەڵکی گوندی \"دزە\"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە ئازادکردنی ٣٠٠ کەو، ژیانێکی نوێ بەخشییە سروشت و جوانیی کوردستان.

ئەو ژینگەدۆستە کوردە دەڵێت: بە هۆی نەمانی کەو لەو ناوچەیە، بە هاوکاریی شۆرا و دێهیاری گوندی دزەی مەرگەوەڕ، بە کڕینی ٣٠٠ هێلکەکەو و بارهێنانیان لە ڕێگەی دەزگاوە و پاشان بە ئازادکردنی کەوەکان جوانیان بە سروشت بەخشی.

ئەو ژینگەدۆستە کوردە هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات، کە چیدی هاووڵاتییان ڕاو نەکەن، هەتا سروشت بە زیندوویی و جوانی بمێنێتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هاووڵاتییانی کورد، لە چەندین ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هۆگری و خۆشەویستیی خۆیان بۆ سروشت نیشان داوە و لەو پەیوەندییەدا، دەیان جۆر چالاکیی ژینگەپارێزیی وەکوو شکاندنی چەکی ڕاو، نەمامچاندن، کۆکردنەوەی زبڵ و خاوینکردنەوەی سەیرانگەکانیان بەڕێوە بردووە.

ئەو ڕەوتە ژینگەپارێزییە کە لە کوردستاندا درێژەی هەیە و بەگشتی بە شێوەی خۆڕسک و بەبێ پشتیوانیی ناوەندە حکوومەتییەکان ئەنجام دراوە.