ژیانی چەوەندەرکارانی شنۆ و پیرانشار بەرەوڕووی مەترسی بۆتەوە

13:19 - 5 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: وەرزێڕانی چەوەندەرکاری کورد لە شنۆ و پیرانشار، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە کێشەو گرفتیان بۆ دروست دەکرێ.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کارخانەکانی قەند و شەکر، خۆیان لە دانی پارەی چەوەندەری وەرزێڕانی شنۆ و پیرانشار دەبوێرن و ئەم مەسەلەیەش زیانی چەند ملوێنیی بۆ وەرزیڕانی ئەم ناوچەیە بەدواوە بووە.

لە ناوچەکانی باشووری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و لەماوەی ئەمساڵدا، نزیک بە ٨٠٠ هەزار تۆن چەوەندەری قەند بەرهەم هاتووە.

هەواڵنێری کوردپا لە پیرانشارەوە رایگەیاند؛، کە رۆژانی کۆتایی حەفتەی رابردوو، ژمارەیەک لە وەرزێڕان دەوروبەری پیرانشار و ورمێ لە بەردەم کارخانە قەند کۆبوونەوەو خوازیاری پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان بوون.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، وەرزیران داوایان لە بەرپرسی کارخانە قەندی پیرانشار کرد کە تێکڕای بەرهەمەکانیان لێ بکڕێ و پارەکانیان پێ بدات.

یەکێک لەو وەرزێڕانە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بە سەرنجدان بەو جیاوازیی نرخی ٢١٠٠ تمەنیی نێو بازاڕ و ئەو شەکرەی کە بە ١٩٠٠ تمەن دراوەتەوە وەرزێڕان، لە هەر کیلۆیەکدا ٢٠٠ تمەن زەرەر زیان بە وەرزێڕان دەگات.

لابیگەریی کارخانەکانی دیکەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا کێشەیەکی دیکەی بەردەم وەرزێڕانی شنۆ پیرانشارە، کە فرۆشتنی بەرهەمی وەرزیڕان بە کارخانەکانی دیکە بەرەوڕووی کێشە دەکاتەوە.

دەگوترێ، کە نزیکەی ٤ مانگە مووچەی کرێکارانیان نەداوەو کارخانەکانیش پارەی وەرزیڕان و چەوەندەرەکارانیان نەداوە.

بەردەوامیی زیان پێگەیاندن بە وەرزێرانی کورد لە حاڵێکدایە، کە لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا نوێنەری وەرزیڕان دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ فەرمانداری پیرانشاردا هەبووەو نوێنەری مەجلیس لەو شارە بەڵێنیی چارەسەر کردنی کێشەکانی پێدابوون، بەڵام هەتا ئێستا هیچکام لە داخوازیی چەوەندەرکاران دەستەبەر نەبووە.