ژن و پیاوێک لە بۆکان، بوونە قوربانیی هەژاری

14:20 - 7 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی بێکاری و هەژاریی لەڕادەبەدەر لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران، رۆژ لە دوای رۆژ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو کوشتن و خۆکوژیش روو لە زیادبوون دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پیاوێکی خەڵکی شاری بۆکان و دانیشتووی گەڕەکی میراوای ئەو شارە، بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە هاوسەرەکەی خۆی کوشتووەو دواتریش کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو پیاوە ناوی (جەمیل مەجیدی) بووە، کە پاش کوشتنی هاوسەرەکەی خۆی بەناوی (نەرمین)، بۆ خۆیشی پەنای بۆ خۆکوژی بردووە وگیانی لەدەست داوە.

ناونەدی پزیشکی دادوەریی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بڵاوی کردۆتەوە، لە ماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا ٣٣ کەس لەو ئوستانەدا بە زەبری چەقۆ کوژراون، کە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو، لەسەدا ٢٢ زیادی کردووە.

خالید تەوەکولی، کۆمەڵناس لە شاری سەقز لەو باوەڕەدایە ، کاتێک فشاری ئابووری لەسەر خەڵک بێت، بێکاری لەوپەڕی خۆیدا بێت و ئازادییە سیاسییەکان سنووردار بن، ئەو توندوتیژییە روو لە زیادبوون دەکات و خەڵک لە هەمبەر یەکتردا پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن.

بە بڕوای ئەو مامۆستایەی زانکۆ: دەبێ لەگەڵ ئەوەیکە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و تاوان لە کۆمەڵگەدا کاری فەرهەنگی بکرێت، چالاکانی فەرهەنگی رۆڵی خۆیان بگێرن، پێویستە باری ئابووریی خەڵکیش باش بکرێت و ئەو جیاوازیی چینایەتییە کەلە شارەکاندا هەیە، کەم بکرێتەوە.

ئا: ئارام. ح