ژن و مێردێکی ئیلامیی بوونە قوربانیی دەسکورتی و هەژاری

15:01 - 15 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: ژن و مێردێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، بە هۆی هەژاری و دەسکورتییەوە، هانایان بۆ خۆکوشتن برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانان، ژن و مێردێکی ئیلامی بە ناوەکانی \"ڕەزا سەحرایی و ویدا ڕۆستەمی گراوندی\"، بە هۆی دەسکورتی و هەژارییەوە، لە ڕێگای خواردنی \"حەبی برنج\" کۆتایییان بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: یەکێک لە منداڵەکانی ئەو بنەماڵە کوردە، \"بیش فعالی\" بووە و هەروەها تووشی نەخۆشی شەکرە (دیابت) بووە و ئەو منداڵەکەی دیکەشیان تووشی هەمان نەخۆشی بووە، بە هۆی نەبوونی پارە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی مناڵەکانیان دەستیان داوەتە خۆکوژییەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، باری ماڵیی ئەو بنەماڵەیە زۆر خراپە و پاش خۆکوژیی ویدا ڕۆستمی و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئیلام، مێردەکەی سەردانی نەخۆشخانە کردووە و دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لە ڕێگای خواردنی حەبی برنج خۆی کوشتووە.