ژنە کرێکارێکی کورد، پاش چوار رۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا

14:39 - 12 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە کرێکارێکی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد کە چەند ڕۆژ پێش بە هۆی تەقینەوەی پیک نیک بە سەختی بریندار بوو، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی خەرمانان، سۆزان عومەری تەمەن ١٤ ساڵ یەکێک لەو سێ ژنە کرێکارە کوردەیە، کە بە هۆی تەقینەوەی پیک نیک تووشی سووتان بوو و بە هۆی کاریگەری و زۆری برینەکەی پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕێژەی سووتانەکەی سۆزان عومەری لە سەروی سەدا پەنجا بووە و هەوڵی پزیشکان بۆ ڕزگار کردنی ئەو ژنە کرێکارە بێ‌ئاکام بوو.

پێشتر ئاژانسی کوردپا، بارودۆخی دوو کەس لەو ژنە کرێکارانەی بە نالەبار ڕاگەیاندبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانان، ژنێک و سێ کچە کرێکاری کورد، خەڵکی مەهاباد لە کوورەخانەیەکدا لە شاری وایقان لە ناوچەی شەبستەری پارێزگای ئازەربایجان ڕۆژهەڵات، لە کاتی کار کردن تووشی ڕووداوی کار هاتن و بە سەختی سووتاون.

شوناسی ئەو چوار کەسە بە ناوەکانی: شەهلا محەممەدزادە تەمەن ٣٥ ساڵ، فاتمه ئیبراهیم‌زادە تەمەن ١٠ ساڵ، سۆزان عومەری تەمەن ١٤ ساڵ و سازگار عومەری تەمەن ١٤ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەو چوار ژنە کرێکارە کوردە، لە کاتی کار کردن بە هۆی تەقینەوەی \"پیک نیک\" بە سەختی سووتا بوون.

لینکی پەیوەندیدار:
چوار ژنە کرێکاری کورد لە کورەخانه تووشی سووتاوی بوون