ژنە چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد بە زیندان مەحکووم کرا

19:56 - 27 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی زیاتر لە دوو مانگ زیندانی بە سەردا سەپا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران \"کوبڕا خاڵەندی\"، چالاکی مەدەنیی کوردی بە دوو مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی مەحکووم کرد.

دەزگای قەزایی ئەو ژنە چالاکەی بە تۆمەتی \"بەشداری کردن لە ناڕەزایەتی لە مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەران\" تاوانبار کردووە و دەبێ لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا، خۆی بە دادگای شاری مەهاباد بناسێنێت.

ئەو ژنە چالاکە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە هاوڵاتییانی ناڕازی خەڵکی شاری بانە و مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەران لە گۆڕەپانی \"چوارچرا\"ی شاری مەهاباد دەستبەسەر و دواتر بە دانانی \"وثیقە\" ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتووخانە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانان، هاووڵاتییانی شاری بانە، لە هەمبەر کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتیی، بە داخرانی دووکان و بازاڕ و کۆبوونەوە لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە ناڕەزاییەتییان دەربڕی.