ژنە شاعیرێک بەرهەمێکی لەژێر ناوی\"پشیلەیەک لە جانتادا\"بڵاو کردەوە

14:52 - 30 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ژنە شاعێرێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز یەکەم بەرهەمی شێعری خۆی لەژیر ناوی \"پشیلەیەک لە جانتادا\" چاپ و بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خاتوو بەهار حوسێنی لە دووتۆیی کتێبێکی ١٩٢ لاپەڕەییدا یەکەم ئەزموونی ئەدەبیی و شێعری خۆی بڵاو کردەوە.

بەهار حوسینی بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەو بەرهەمە ١٤٥ پارچە شێعری لەخۆ گرتووە و باسی لەوەش کرد کە شێعرەكان روانینی منن بۆ دەرەوەی خۆم.

ئەو خانمە شاعیرە ئەوەشی خستەڕوو کە شێعرەکان ناوەڕۆکی عاشقانه، نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییان لە خۆ گرتووە.

\"26635.jpg\"
یەکەم کۆمەڵە شێعری چاپکراوی بەهار حوسێنی بەناوی \"پیشیلەیەک لە جانتادا\"
بەهار حوسێنی کچی شاعیری ناسراوی کۆچکردووی کورد خاتوو \'\'ژیلا حوسێنی\'\'یە، بەهار لەحاڵی حازردا لە دەرەوەی ئێران ژیان بەسەر دەبات.

کتێبی \"پیشیلەیەک لە جانتادا\" لەلایەن \"سەنتەری رۆشنبیریی رێژیا\"ـەوە لە هەزار تیراژدا لە چاپ دراوە.

بەهار حوسێنی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شاری سەقز چاوی بە دونیا هەڵێناوە.