ژنە رۆماننووسێکی مەهابادی، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا

15:09 - 25 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی مەهاباد، کە بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، رەوانەی زیندان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنە چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی مەهاباد، کە چەندین رۆمانی چاپ و بڵاو کردۆتەوە، لە رۆژانی رابردوودا دەستبەسەرو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد کرا.

زەینەب بابایی، کە ماوەی ١ ساڵ بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری مەهابادیش بووە، بە تۆمەتی \"تەبلێغ بۆ ئایینی مەسیحی و تەبلیغ بە دژی نیزام\" ئەو حوکمەی بۆ بڕاوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زەینەب بابایی بەهۆی ئەوەیکە لەگەڵ کچێکی هاوڕێی و برایەکی خۆی بەناوی \"عەتا بابایی\" سەردەانی چەند کەنیسەیەکی شاری ورمێیان کردبوو، بەرەوڕووی دەستبەسەر کران و حوکمی زیندان بوونەتەوە.

عەتا بابایی، کە برای زەینەب بابایی‌یە، حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە و ئەو کچە هاوڕێیەی زەینەب باباییش بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوەو لە ئێستادا ئەو سێ کەسە لە زیندانی مەهاباد ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.

زەینەب بابایی، هەتا ئێستا سێ رۆمانی بەناوەکانی \"نازی، ئەشکەوتی گەوهەر و هێڵی کۆتایی و هەروەها چەند کورتە چیرۆکیشی بە شێوەی کۆمەڵە چیرۆک، بە زمانی فارسی بڵاو کردۆتەوە.

سەرچاوەیەک لە شاری مەهاباد، بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە، مێردی هاوڕێی خوشکی عەتا بابایی بەهۆی دەستبەسەر کرانی هاوسەرەکەیەوە تووشی سەکتەی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە.
\"21516.jpg\"

\"21517.jpg\"