ژنێک و دوو پیاو لە زیندانی ورمێ ئێعدام کران

14:08 - 16 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی سێ هاووڵاتیی کوردیان لە زیندانی ئەو شارە جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"گوڵی حاجیپوور\"، لە بەندی ژنان، \"محەممەد ڕەوشەنی و شەهباز ئیبراهیمی\" لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئیعدام کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە خەڵکی شارەکانی سەردەشت و ورمێ بوون، کە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ئێعدام کراون.

دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\" حوکمی قیساسی بەسەر ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاندووە و هەنووکە حوکمی قیساسی ئەو ژنە کوردە بۆ ئاژانسی کوردپا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

میدیا و ڕاگەیاندنەکانی فەرمی و هێزی قەزاییی حکوومەتی ئیسلامی، هەتا ئێستا بە نیسبەت ئێعدامی ئەو کەسانە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.