ژنێک لە ناوچەی سەقز لە ژێر ناوی \"پاراستنی شەرەف‌\"دا کوژرا

14:08 - 29 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بە کوژرانی ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ لە ناوچەی سەقز، ئاماری کوژرانی ژنان لە بەدەستی کەسوکاری خۆیان و کەسانی دیکە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لەسەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئیستا، گەیشتە ٨ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بەناوی چیمەن پیری، کە تەڵاقی لە مێردەکەی وەرگرتبوو، رۆژی شەممە لە ژێر ناوی \"پاراستنی شەرەف‌دا\" کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ چیمەن پیری، کە پێشتر تەلاقی لە مێردەکەی بەناوی عەلی حوسێنی بوو، مێردەکەی بە بیانووی ئاشتبوونەوە چووە بە شوێنیدا و لە شوێنێکی چۆڵ بە \"تالوێر\"ی ماشێنەکەی کوشتوویەتی.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ تەرمی چیمەن پیری رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٧ی رەشەمە، پاش ئەوەی لە پزیشکی دادوەری پشکنینی بۆ کراوە، رادەستی بنەمالەکەی کراوەتەوە.

دەگوترێت، کە عەلی حوسێنی خەڵکی گوندی \"ئەحمەد مەردە\"ی سەربە ناوچەی تیلەکۆی سەقز و دانێشتووی شاری سەقز بووە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەدنی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە سەرەتای وەرزی زستانەوە ٤ ژنی کورد لە دەرەوەی ماڵ و ٤ ژنی دیکەش لە ناو ماڵدا کوژراون.