ژنێک لە مەهاباد پاش ئەوەی دزیی لێدەکرێت، دەکوژرێت

14:54 - 9 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەهاباد، پاش دزینی زێر و پارەکانی، کوژراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردان، ژنێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری مەهاباد، بە تەماحی زیڕ و پارەوە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەکوژرێت.

شوناسی ئەو ژنە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ڕانەگەیەندراوە.

ئەو ژنە خەڵکی گوندی\"خانەگی\"ی شاری مەهابادە بووە، کە لە پێنج کیلۆمیتریی ئەو شارە هەڵکەوتووە.

سەرەڕای ناشیرینی و قێزەونیی دیاردەی \"دزی کردن\" لە کۆمەڵگادا، بێکاری و هەژاریی دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووریی هەڵەی دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران، کۆمەڵێک دیاردەی دزێوی وەکوو دزی کردن و تاوانکاری و گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر و...هتد، لە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی پەرەی سەندووە.