ژنێک لە شاری کامیاران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

13:26 - 18 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە گوندەکانی شاری کامیاران ژنێک بە هۆی کێشەی خێزانییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێک بە ناوی \"نگین بیدخام\" کچی سەلام لە گوندی \"فەرەجی ئاوا\"ی شاری کامیاران پاش ١٠رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ئیسفەهان، شەوی سێ شەممە ١٦ی سەرماوەز، کۆچی دوایی کرد.

هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ نگین دە ڕۆژ پیش بە هۆی کێشەی لەگەڵ مێردەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

ئەم هاووڵاتییە کامیارانییە پاش ئەو ڕووداوە بە هۆی زۆری سووتاوییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ئیسفەهان دەکرێت، بەڵام پاش ١٠ ڕۆژ هەوڵی پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە بۆ چارەسەر کردنی، هەوڵەکانیان بێ ئاکام مایەوە و دوو ڕۆژ پێش لە شاری ئیسفەهان گیانی لە دەستدا.

نەریتی بوونی كۆمەڵگا، لە خوارەوە بوونی رێژەی خوێندەواری، پێكهاتەی كۆمەڵایەتی، جێ‌ نەكەوتنی شارنشینی وەكوو دیاردەی مۆدێڕن، پیاوسالارانە بوونی كۆمەڵگا، بێكاری و هەژاری و كێشەی بنەماڵەیی زەمینەكانی پەرەسەندنی دیاردەی خۆكوژی و خۆسووتاندنن.

چالاکانی مافی ژنان\"نەبوونی یاسایەکی یەکگرتوو بۆ پشتیوانی و هەروەها کەمی ناوەندی تایبەت بۆ پشتیوانی لە ژنانی\"زیان دیتوو\" لە کوردستان وەکو هۆکاری پەرەسەندی خۆکوژی و خۆسووتاندن لە نیو ژنان بە هەژمار دێنن.