ژنێک لە شاری سنە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

21:37 - 20 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئاماری خۆکوژییەکان لە شارەکانی کوردستان ڕووی لە زیاد بوون کردووە و ژنێک لە شاری سنە هانای بۆ خۆکوشتن برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ، ژنێک لە شاری سنە بە ناوی \"نەسرین\" دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە دەستی داوەتە ئەو کارە.

\"\"هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری خۆکوشتنی نەسرین ڕوون نەبووتەوە.

پێشتریش، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری مەهاباد، ژنێکی دیکە بە ناوی \"پ،ع\" بە هۆی کێشەی بنەماڵەیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها، ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ، لە گوندی بادام سەر بە شاری مەهاباد تەرمی ژنێک بە سووتاویی دۆزرابووە.

هەتا ئێستا لە مەڕ هۆکاری خۆکوژی هاووڵاتییانی کورد، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی لەو بارەوە هیچ لێدوانێکیان نەداوە و تەنانەت ئیزن نادەن لە ڕاگەیەنەکانی حکوومەتی هەواڵی خوکوژییەکان بڵابکرێنەوە.

بە بڕوای توێژەرانی کۆمەڵایەتی، خۆکوژی ئاماژە بە ناسەقامگیری و نەخۆشیی درێژخایەن لە نێو کۆمەڵگادا دەکەن و زیاتریش ئەو کەسانە تێیدا دەبنە قوربانی کە تووشی دیاردەکانی نێو ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە بوون.