ژنێک لە ترسی ئەوەیکە "دەستدرێژی" نەکرێتە سەری و خۆی لە دەلاقە هەڵدابووە خوارەوە، گیانی لەدەست دا

13:56 - 17 خەرمانان 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەرمانان، ژنێک بە ناوی "شلێر ڕەسووڵی" تەمەن ٣٦ ساڵ خەڵکی گوندی "چەشمییەر سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان کە لە ترسی ئەوەیکه "دەستدرێژی"  نەکرێتە سەری، خۆی لە دەلاقە هەڵدابووە خوارەوە، گیانی لەدەست دا.

شەوی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان، پیاوێک بە مەبەستی دەسدرێژی کردنە سەر ئەو ژنە و شلێر ڕەسووڵی بۆ ڕزگارکردنی خۆی، لە دەلاقەی ئەو ماڵەی خۆی فڕێ دابووە، خوارەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادارە لەو بارەیەوە بە کوردپا ڕایگەیاند: "پیاوێک بە ناوی "گۆران قاسم‌پوور" خەڵکی گوندی "گۆشخانی" سەر به شاری سەوڵاوا، بە بیانووی یارمەتی بە ژنەکەی خۆی، داوای یارمەتی لە شلێر ڕەسووڵی کردبوو و ئەو ژنەش سەردانی ماڵی گۆران دەکات و دواتر لە مەبەستی ئەو پیاوە تێدەگات و لە ترسی ئەوەیکە دەسدرێژی نەکرێتە سەری، خۆی لە دەلاقەی ماڵی ئەو کابرایە، هەڵدەداتە خوارەوە."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "شلێر ڕەسووڵی بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنە کرابوو."

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هاوژینی شلێر ڕەسووڵی لە هەرێمی کوردستان خەریکی کرێکارییە و شلێر خاوەنی کوڕ و کچێکی تەمەن ١٦ و ١٣ ساڵانەیە.

دوای ئەو ڕووداوە ڕۆژی سێشەممە  ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، ژمارەیەک لە ژنان و چالاکانی مافی ژنان لە شاری مەریوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە مەڕ بارودۆخی پێکهاتوو بۆ شلێر ڕەسووڵی و نەبوونی ئەمنییەتی ژنان لە کۆمەڵگا، لە بەرانبەر دادگای ئەو شارە کۆبوونەوە و بە هەڵگرتنی پلاکارت و دانی دروشم، داوای دابینکردنی ئەمنییەتیان بۆ ژنان، کردبوو.