ژنێک بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکانی نەخۆشخانەی جوانڕۆ گیانی لەدەست دا

19:25 - 20 سەرماوەز 2712
 ئاژانسی کوردپا: بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی \"محمد رسول‌اللە\" لە شاری جوانڕۆ ژنێک گیانی لەدەست دا.

 
بەپێێ هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوێنێ یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز ژنێک بەناوی \"شیرین خەلقی\" تەمن ٤٠ ساڵ، پاش ٢٤ کاتژمێر لە دایک بوونی منداڵەکەی، بەهۆی خوێنڕێژیی زۆر و کەمتەرخەمیی گوێ نەدانی پەرەستاران بەو ژنە گیانی لە دەست داوە.
ئەو ژنە هاوسەری \"حەبیب حەیرانی\" و خاوەنی ٢ منداڵی دیکەیە و دانیشتووی گوندی \"بنچەڵێ\"ی سەر بە شاری روانسەر راگەیەندراوە.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین حاڵەتی هاوشێوە لە شارەکانی سنە و مەریوان هاتوونەتە ئاراوە و مەرگی نەخۆش وبەریندارانی بەدواوە بووە، بەڵام هەتا ئێستا ئامارێکی راست لەمەڕ گیان لەدەست دانی ژنانی ٢ گیان لە کاتی منداڵ بووندا بڵاو نەکراوەتەوە.

لە كوردستان بەهۆی هەڵەی پزیشکی و نەبوونی ئیمكاناتی پێویستی پزیشکی رێژەی گیان لەدەست دانی ژنانی دووگیان رووی لە زیاد بوون کردووە.