ژنێکی ئیلامی بەهۆی \"یەخسیربوونیەوە\" پەنای بۆ خۆکوشتن برد

22:10 - 29 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵکی (دەڕە شار)ی سەربە ئوستانی ئیلام بەهۆی \"هەڵسووکەوتی نەشیاوی هاوسەرەکەی\"ـەوە، هەوڵی خۆکوژی دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پیاوێکی خەڵکی دەڕەشا، کە هاوسەرەکەی و سێ منداڵەکەی خۆی زیندانی کردبوو، بووە هۆکاری ئەوەیکە ژنەکەی پەنا بۆ خۆکوشتن ببات.

ئەو ژنە کوردە، لە کاتێکدا و بە مەبەستی خۆکوژی کە شریتێکی بە میچی ژوورەکەیەوە هەڵواسیبوو، لەلایەن پۆلیسی کۆمەڵایەتیی شاری دەڕە شارەوە رزگار کرا.

ناوبراو چۆنیەتیی زیندانی کرانی خۆی و منداڵە ٣ و ٤ ساڵەکانی بەم شێوەیە باس کردووە \" هاوسەرەکەم ئیزنی چوونە دەرەوە لە ماڵی پێ نەدەدام و درگای ماڵەکەشی بە قفڵێکی گەورە دادەخست و تەنانەی سەردانی خزم و کەسوکاریشی لێ قەدەغە کردبووم\".

هەوالدەریی ئیرنا لە زاری ئەو ژنەوە بڵاوی کردۆتەوە؛ \" هاوسەرەکەم تووشی کیشەی دەروونی هاتبوو، هێندێک جار منداڵەکانمی دەخستە دەرەوەو هەتا نیوە شەو لە کۆڵانەکاندا دەمانەوە\".

هەتا ئێستا شوناسی ئەو ژن و پیاوە ئاشکرا نەکراوەو، بەڵام ژنەکە چەندین جار هەوڵی خۆکوژیی داوەو لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا لە ماڵەوە زیندانی بووە.

هاوسەری ئەو ژنە لە بەر دەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا هۆکاری ئەو هەڵسووکەوتەی خۆی لەگەڵ هاوسەرەکەی بۆ \"جیاوازیی تەمەن\"، \"لێکتێنەگەیشتن\" و \"دڵپیسی\" گەڕاندۆتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئاماری خۆکوژی هاووڵاتییانی کورد بەتایبەت ژنان لە چوارچێوەی قەیران تێپەڕیوەو لە قاڵبی \"نەخۆشییەکی گشتگیر(اپیدمی)\"دا خۆی بینیوەتەوە.

سەحەر دیناروەند، چالاکی مافی ژنان لەو پەیوەندییەد ابە رادۆ زەمانەی راگەیاندووە؛ \"نەبوونی یاسایەکی تۆکمە و داکۆکیکار، نەبوون یان کەمیی ناوەندی داکۆکیکار لە ژنان و چوونەسەرەوەی ئاستی تێگەیشتوویی ژنان لەمەڕ مافەکانی خۆیان هۆکارەکانی زیادبوونی خۆکوژی لە نێو ژناندایە.