ژنێکی کورد لە زیندانی ورمێ لە سێدارە درا

13:37 - 25 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی ورمێ، لەلایەن رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە زیندانی \"دەریا\"ی ورمێ، لە سێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناهید غیاسوەند، دانیشتووی گوندی \"راژان\"ی سەربە ناوچەی \"دەشت\"ی ورمێ، پاش سێ ساڵ راگیران لە زیندان، حوکمی لەسێدارە درانەکەی بەڕێوەچوو.

دەگوترێ، کە ئەو ژنە هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی، بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ بڕابوویەوە.

نایب مستەفازادە خەڵکی گوندی راژان هاوسەری ناهید بووە، کە پاش ئەوەی بە سپاردنی بارمتە لە زیندان ئازاد کراوە، لە ترسی حوکمی لەسێدارەدانەکەی، هەڵاتووە.

ناهید، لە کوردەکانی ئوستانی قەزوێن بووە، کە لەگەڵ نایب مستەفازادەی خەڵکی گوندی راژانی ناوچەی ورمێ ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٦ ژن لە زیندانەکانی حکومەتی ئێران لەسێدارە دراون.

کوردەکانی ئوستانی قەزوێن لە عێڵەکانی \" باجەڵان، شێخ کانلوو، ساکان، بەڵەخکانلوو، شکاک، چەگینی، جەلیلوەند، رەشوەند، غیاسوەند، کاکاوەند، کرمانی و مافی\" پێکهاتوون، کە بەپێی سەرچاوەکان لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتیی شاعەباسی سەفەوی و دواتریش بە بڕیاری خانی قاجار (آقا محمد خان) بۆ ئەو ناوچانە گوازراونەتەوە.