ژنێکی کرێکار لە کاتی کارکردن دا تووشی ڕووداوی کار بوو

15:05 - 30 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کرێکار لە کاتی کار کردندا تووشی رووداوی کار هات و بەو هۆیەوە قامکەکانی دەستی چەپی ئەو ژنە کوردە قرتا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژنێکی کامیارانی لە شوێنی کارەکەی لە کارگەی نایلۆن سازی ئەو شارەدا تووشی ڕووداوی کار دەبێت.

شوناسی ئەو ژنە کرێکارە بە ناوی \"فەرزانە ناوخاسی\" خەڵکی گوندی \"کاشتەر\" سەر بە شاری کامیاران ڕاگەیەنراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەمبارەوە بڵاوی کردەوە، ئەو ژنە کرێکارە لە کاتی کار کردن دا، قامکەکانی لە نێو دەزگای نایلۆنسازیدا گیر دەکات و قامکەکانی دەستی چەپی دەقرتێت.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوی دا، ئەمە شەشەمین کرێکاری کوردە کە تووشی ڕووداوی کار دەبێت.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە، کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری سەقز لە کاتی بەستنی داربەستی فلزیدا بەربووە و گیانی لەدەستدا.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە ناوی \"ب.ع\" تەمەن ٣٠ ساڵ ڕاگەیەندرا بوو.

ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنەکانی ئیمێنی کار بەردەوام لە ساڵانی ڕابردوودا لە کوردستان و ئێران قوربانی بەدوای خۆیدا هێناوە و تا ئیستاش بەدواداچوون بۆ بنبڕکردن یان کەم کردنەوەی ئەم حاڵەتانە نەکراوە.