ژنێکی لاو لە شاری سەردەشت هەوڵی خۆکوژی دا

14:36 - 6 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت لە ڕۆژی جێژنی ڕەمەزان‌دا دەستی دایە خۆکوژی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕ، ژنێکی لاو، خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لە ڕۆژی جێژنی ڕەمەزان‌دا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو ژنە کوردەی بە \"بێریڤان محەممەدی\" تەمەن ٢٣ ساڵ کچی جەعفەر ئایشە شیلانی لە گوندی\" بێورانی خوارێ\"، ڕاگەیاندووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەری مردنی ئەو ژنە کوردە زۆرە و بێریڤان بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کراوە.

دەوترێ، هۆکاری ئەو خۆسووتاندنە، کێشەی بنەماڵەیی بووە.

بە وتەی کارناسان و چالاکانی بواری ژنان، نەبوونی یاسایەکی بەهێز و کەمی ناوەندی تایبەت بۆ پشتیوانی لە ژنانی زیان بەرکەوتوو بە هۆی خۆکوژیەوە\" لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چەند هۆکاری سەرەکیی خۆکوژی و خۆسووتاندن لە نێو ژنانی کورد بەئەژمار دێن.