ژنێکی خەڵکی دێهلۆران بوو بە قوربانیی تەقینەوەی مین

21:35 - 21 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش ٢٨ ساڵ لە دوای کۆتایی هاتنی شەری ئیران و ئێراق، مینە بەجێماوەکانی ئەو شەڕە هێشتاش هاووڵاتییانی کوردستان دەکاتە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی تەمەن ٥٩ ساڵە خەڵکی ناوچەی شێرهانی شاری دێهلۆرانی پارێزگای ئیلام، بەر شەپۆلی تەقینەوەی مین دەکەوێت.

شوناسی ئەو ژنە هاووڵاتییە بە ناوی \"حەمیدە ڕاسەن\" ڕاگەیەنراوە.

ماڵپەڕی \"مین و زندگی\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو ڕووداوە دوو ڕۆژ پێش، لە ناوچەی شێرهانی شاری دێهلۆران ڕووی‏داوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، حەمیدە لە کاتی لەوەڕاندنی تاقە مانگایەکەیدا، لاقی مانگاکەی دەچێتە سەر مین و شەپۆلی تەقینەوەکەش ئەو ژنە دەگرێتەوە.

بەپێی ئامارە نیوەفەرمییەکان، لە ساڵدا ١٠ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام دەبنە قوربانیی تەقینەوەی مین و ئاسەوارەکانی شەڕی ٢٨ ساڵ پێشی ئێران و ئێراق.

شاری دێهلۆران لە بواری حەشیمەتەوە بە دووهەمین شار و لە بواری پانتاییەوە بە یەکەمین شاری پارێزگای ئیلام بە ئەژمار دێت و زۆرترین سنووری هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.