ژنێکی جوانڕۆی پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا

14:41 - 14 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری جوانڕۆ و دانیشتووی شاری ڕوانسەر بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی خۆی سووتاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٠ی خەرمانان، ژنێکی خەڵکی شاری جوانڕۆ و دانیشتووی شاری ڕوانسەر بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی هەوڵی خۆسووتاندنی دا.

شوناسی ئەو ژنە کوردە بە \"گەلاوێژ وەیسی\" کچی عەبدولڕەحیم خەڵکی شاری جوانڕۆ و دانیشتووی شاری ڕوانسەر ڕاگەیەندراوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کێشەی بنەماڵەیی هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو ژنە کوردە بووە و ناوبراوە پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی لە سەرەوەبوونی ڕێژەی سووتانەکەی گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەی ئاگادار لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و دایکی دو منداڵ بووە.

خۆسووتاندنی ژنان لە ئێران یەکێک لەو پرسە گرینگانەیە، کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا چالاکانی ژنان و کارناسان لە هەوڵی کونتڕۆڵ و کەمکردنەوەی ئەو دیاردەن و لە بوارەدا چەند هەوڵێکیان داوە، بەڵام ئەو پرسە لە ئێران لە ئاستێکی سەرەوە وەک خۆی ماوەتەوە.

میترا خەلعتەبەری، ڕۆژنامەنووس و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان لەو باوەڕەیە، کە خۆسووتاندنی ژنان لە ئێران هۆکارەکەی بۆ مەسەلەی جۆراوجۆر دەگەڕێتەوە و ئەم مەسەلەیە هەتا ئێستا ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆسووتاندن لە ژنان بۆ \"کێشەی بنەماڵەیی، باوەڕە ئایینەکان، کۆمەڵگایەک کە وەکوو کۆمەڵگای پیاوسالار ناسراوە، زوو بە شوو دان، پێکهێنانی ژیانی زۆرەملێ، هەژاری و کێشەی ئابووری، لەبەر چاو نەگرتنی مافی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان\" دەگەڕێنێتەوە.